پەراوێزخستنی کاکەیەکان لە هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان کەلێنیکی سیاسییە بە ناوچاوانی پارتە کوردیەکانی باشورەوە.
هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان کە لە ٢١-٩-٢٠١٣ بەڕێوە دەچێت، نەقشەڕێگای سیاسی ئەم ناوچەیە دیاری دەکات. ئەم هەڵبژاردنە بە یەکێک لە گرنگترین ڕوداوەکانی مێژووی سیاسی باشوری کوردستان دێتە هەژمارکردن و وەرچەرخانێکی سیاسی-دیموکراسییە لە مێژووی دیموکراسیخوازی کۆمەڵگای کوردی. ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەیرانێکی کەلاندایە و نەقشەی سیاسی ئەم وڵاتانە خەریکی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەیە. مافی گەلان و کەمە نەتەوەیی و ئایینیەکان بۆتە ڕۆژەڤی کۆمەڵگا نێونەیەوەیی و ناخۆییەکان.
کوردستان وڵاتێکی فرە ئایینی و فرە ڕەهەندییە. لێ گرنگە ئەم کۆمەڵگا فرە ڕەهەندییە لە پانتای سیاسی و داڕشتنی نەقشەڕێگای ئەم کۆمەڵگایە خۆیان بە بەشدار بزانن و هەستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی خۆیان بۆ نیشتمانەکەیان لە ڕێگای بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە نیشان بدەن.
بە شاهدی مێژوو یارسانییەکان لە مێژووی مبارزەی کوردستاندا نرخ و بەهایەکی زۆریان داوە و لەو پێناوەدا بە دەیان سەرکردە و ڕابەری ئەم ئایینە بوونەتە قوربانی مەرز و بوومەکانی کوردستان. تکستە پیروزەکانی کاکەییەکان (یارسانییەکان) گەواهی ئەو ڕاستییە دەدەن کە ئاڵا هەڵگرانی کلتور و کەلەپوور و ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە لایەن ئەم کۆمەڵگاوە هەمیشە پارێزراوە و نەوە بەنەوە درێژەی هەبووە.
دیسانەوە مێژوو ئەو شاهدییە دەدەن کە ئەم کۆمەڵگاییە هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە زوڵمی دووقاتیان لێکراوە، یەکەم لەبەر کورد بوونیان دووەم بە هۆی ئایینەکەیانەوە.
بەسەرەنجدان بەو ڕاستییانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا یارسانییەکان (کاکەییەکان) لە پرۆسەی سیاسی باشووری کوردستان و دووای ڕوخانی ڕێژیمی بەعس پەراوێز خراون و بچووکترین ئاوردانەوەیەک لە مافە ئایینیەکانی ئەم کۆمەڵگایە نەدراوەتەوە. لە کاتێکدا زۆر لەو کەمە ئایینی و نەتەوەییانە کە بە کۆتا نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان بووە و لە پرۆژەی دەستوری کوردستان مافەکانییان دیاریکراوە بە ژمارەی هەشیمەت نیووەی کاکەیەکان نین، کە چی کاکەیەکان لە هیچ کوێی دەستوور کوردستان و لە پلان و پرۆژەی هیچکام لە ڕێکخراوە کوردیەکان باسیان لێووە ناکرێت و پشگوێ و پەراوێز خراوون.
ئێمە باوەڕمان وایە بۆ بونیات نانەوەی کۆمەڵگای کورد و دروستکردنی کیانێکی یەکگرتووی کوردی دەبێت هەموو لایەنەکان بەشدار بن و مافی هیچ لایەک بە هۆی هەڵاواردنی ئایینی و ڕەگەزییەوە پێشێل نەکرێت.
سازمانی دیموکراتیکی یارسان بەپەرۆشەوە دەڕوانێتە پرۆسەی سیاسی باشووری کوردستان و پەراوێز خستنی کاکەیەکان لەم پرۆسەییە. ئێمە ئەم سیاسەتە بە سیاسەتێکی هەڵە دەزانین و دڵنیاین زیان بە یەکگرتووی و یەکرێزی کۆمەڵگای کوردی دەگەیەنێت و لە دواڕۆژدا ئاسەوار و ئاکامەکانی کەلێنێکی گەورە لە پانتای سیاسی و پرۆسەی دیموکراسیخوازی باشووری کوردستان دروست دەکات.
هەڵبژاردنی ٢١-٩-٢٠١٣ و بانگەشەی لایەنەکان لەم هەڵبژاردنە هیمایەکە کە لایەنەکان هیچ پرۆژەیەکیان بۆ ئەم کۆمەڵگایە لە سیاسەت و بەرنامەکانی خۆیان گەڵاڵە نەکردوە و لاوازی سیاسەت و بەرنامەکانیان بۆ فرە ڕەهەندی کۆمەڵگای کوردستان دیارو بەرچاوە.
سازمانی دیموکراتیکی یارسان لە ڕێگای ئەم بانگەوازەوە داوا لە دەسەڵاتدارانی کوردستان و هەموو پارتە کوردیەکان دەکات کە لە هەمووارکردنەوەی پرۆژەی دەستووری کوردستان مافی کاکەیەکان لە بەرچاو بگیرێت و وەک هەموو کەمە ئایینیەکانی دیکە مافە سروشتیەکانی ئەم کۆمەڵگایە لە دەستووردا بچەسپێت.
بەپێی بەدوواداچوونەکانی ئێمە و هندێک رێکخراووی کۆمەڵگای مەدەنی، ناووچەکانی کاکەیەکان لە بوواری خزمەتگووزاریەوە یەکێک لە ناووچە پەراوێزخراوەکانە لە بوواری خزمەتگوزاریەوە. هەر بۆیە ئێمە داوا دەکەین کە لایەنەکان لە پرۆژە و پلانە سیاسی و ستراتیژیەکانی خۆیاندا ئاور لەو ناوچانە بدەنەوە و خزمەتگوزاری لە بووارە جیاوازەکاندا بۆیان دەستەبەر بکەن.
کاکەیەکان ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان لە تۆمارگەی مێژووی خەباتی کوردی چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا بەجێ گەیاندووە و بەسەدان تێکۆشەری بەختی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەی کردووە. ئێستا ئەرکی لایەنە سیاسیەکانە و مافێکی سروشتی ئێمەیە کە لە پرۆسەی سیاسی کوردستاندا بەشدار بین و بەدڵیناییەوە مێژوو لەو لایەنانە خۆش نابێت کە بە ئەرکە نەتەوەییەکانی خۆیان هەڵنەستاون و سیاسیانە و بە پلان هەوڵی پەراوێزخستن و بێ مافکردن کاکەیەکان لە پرۆسەی بەشداریکردنی نەقشەی سیاسی و دیموکرسیخوازی کوردستان دەدەن.
سازمان دموکراتیک یارسان
١٨-٩-٢٠١٣
http://www.yarsanmedia.com/?p=4321
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar